ویتکۆف ناوەرۆکی نامەکەی ترەمپ بۆ ئێران، ئاشکرا دەکات
نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ بۆ ئێران ئاشکرا دەکات، هاوکات هەڵوێستی نوێی ئەمەریکاش لە بەرانبەر ئێران خستەڕوو.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پۆدکاستێکدا، ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئێران ئاشکرا کرد و گوتی: "من سەرۆکی ئاشتیم، بۆیە دەمەوێت ڕێکبکەوین، هیچ پاڵنەرێکمان نییە بۆ ئەوەی بە جوڵەی سەربازی ئەو کێشەکانە چارە بکەین، بەڵکوو پێویستە گفتوگۆ بکەین، پێویستە ئەو هەڵە لێکتێگەشتنانە ڕاست بکەینەوە، بەرنامەی ئەتۆمی پشتڕاست بکەینەوە، بۆئەوەی هیچ لایەنیک لەبارەی چەکی ئەتۆمی نیگەران نەبێت."
هەروەها لە نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەش دراوە، "بژاردەی دیکە بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە بژاردەیەکی باش نابێت."
ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا توانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی لێک نزیک بکاتەوە، ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی ئابووریەوە زۆر لە ئەورووپا بەهێزتر دەبێت.
گوتیشی: ناوچەی کەنداوە لە ئێستادا نەگەشتووەتە بەها ڕاستەقینەکەی خۆی، بۆیە بەیەکگرتنەوەی کەنداو، ئابووری ئەورووپا دەبەزێندرێت.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئێران لە ئاست ئەمەریکا زۆر بچووکە، ئەگەر بمانەوێت بەهێز وەڵامیان بدەینەوە، ئەوەی زۆر خراپییان بەسەر دەهێنین، ڕوونیشی کردەوە کە هەڕەشە ناکات تەنیا ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.
نوێنەری دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: گەشبینم بەوەی دەتوانین بە شێوەی دیپلۆماسی کێشەکانی نێوانمان چارە بکەین.
ڕاشیگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دەرفەتی داوەتە ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دووبارە ببنەوە نەتەوەیەکی مەزن، دووربن لە سزاکان و بتوانن ئابوورییەکەیان گەشە پێ بدەن، دەتوانن بەشداری کۆمکاری عەرەبی بکەن و پەیوەندییەکەیان بەهێز بکەن.
ستیڤ ویتکۆف هیواشی خواست، بۆ چارە کردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی، پێویست بە بژاردەی سەربازی نەکات، بەڵکوو لە ڕێگەی دیالۆگەوە بێت.