ترەمپ: قسە لەگەڵ پوتن و زێلێنسکی دەکەم
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەرۆکی هەردووک وڵات و سەرکردەکانی ناتۆ دەکات.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: "ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی واشنتن بە تەلەفۆن لەبارەی ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکەم."
دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاندووە، دواتر بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ناتۆ دەکات.
دۆناڵد ترەمپ هیواشی خواست بتوانن بگەنە ئەنجامێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە توندوتیژییە و خوێناوییە.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە تەلەفۆن سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیای لە تەلەفۆنەکەی ترەمپ بۆ پوتن ئەگەدار کردووەتەوە و پێی ڕاگەیەندووە، سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لە دەستبەجێ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکاتەوە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) ڕایگەیاندبوو: ئەگەری هەیە ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاو ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ یەک کۆببنەوە، بەڵام ئەوە پەیوەست و مەرجدارە بەوەی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بگەنە ڕێککەوتن.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خایاند.
دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوە چوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتیی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتیی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.