مارك كیمیت: مەسرور بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت
جێگری پێشووتری یاریدهدهری وهزیری بهرگریی ئهمەریكا، دەڵێت: ئەگەر هەڕەشە بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە ئەمەریکا هەڵوێستی دەبێت، وڵاتەکە هاوبەش و دۆستێکی نزیکی هەرێمەکەیە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، مارك كیمیت، جێگری پێشووتری یاریدهدهری وهزیری بهرگریی ئهمەریكا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 8ـی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەمەریکا دۆستی هەرێمی کوردستانە و بەرژەوەندیی هاوبەشیان پێکەوە هەیە، لە شەڕی دژ بە داعش ئەمەریکا هاوکار بوو، هەروەها پێشمەرگە زۆر بە قارەمانانە شەڕی کرد و سەرکەوت.
جێگری پێشووتری یاریدهدهری وهزیری بهرگریی ئهمەریكا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هەڕەشە بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا هەڵوێستی دەبێت.
لەبارەی ناردنی کەرستەی سەربازیی بۆ هێزی پێشمەرگە، مارك كیمیت، گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بڕیاری دا هاوکارییە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە بنێرێت و بە تەواوی بە دەست هێزی پێشمەرگە نەگات و بەغدا ڕێگر بێت، ئەوا ئەمەریکا گوشار دەکات تا هاوکارییەکان بە تەواوی بگەیەندرێتە دەست هێزە کوردییەکە.
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی، مارك كیمیت، ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەندامانی کۆنگرێس، سەرکردایەتی وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری و گەنجینەی وڵاتەکە دەبینێت.