پیتهر گاڵبرهیت: سهردانهكهی مهسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا كارنامهیهكی زۆر گەورەی دەبێت
دیپلۆماتكارێکی پێشووتری ئهمەریكا دهڵێت: سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر باش دایە، چونکە ترەمپ تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاوەتەوە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، پیتهر گاڵبرهیت، دیپلۆماتكاری پێشووتری ئهمەریكا میوانی کوردستان24 بوو و ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا، بووەتە دوورگەیەکی سەقامگیر، هەروەها گەورەترین پاڵپشتیکاری ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ئێستا هیچ ئەمەریکییەک بەهۆی توندوتیژییەوە لە هەرێمەکە نەمردووە.
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووتری ئەمەریکا ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە کاتێکی زۆر باشە بۆ سەردانیکردنی واشنتن و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، سەردانەکە کارنامەیەکی زۆر گەورەی دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، گفتوگۆی زۆر لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان بکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، بێگومان بەرپرسانی ئەمەریکا دەیانەوێت پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکرێت، چونکە دەیانەوێت هەناردەی نەوتی جیهانی زیاد بێت.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، بە گوتەی پیتهر گاڵبرهیت، داواکەی ترەمپ بۆ کۆتڕۆڵکردنی زیندانەکانی داعش لەلایەن ئیدارەی نوێی سووریا دەبێت.