مەسرور بارزانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەبێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن و، بڕیارە لەوێدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆکی حکوومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەمەریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمەریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی دەکات.
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.
مەسرور بارزانی، هەروەها بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەکات بە ناونیشانی "داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان". کە ڕوانین و دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە واشنتن و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا كۆببێتەوە و بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن بکات pic.twitter.com/ISMWpycheX
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) May 17, 2025