کێن شۆکڵی: هەرێمی کوردستان سەلماندوویه‌تی ئەمەریکا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت

ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کورد هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە و خۆی سەلماندووە کە دەتوانێت پشتی پێ ببەستیت. 

شەممە 17ـی ئایاری 2025، کێن شۆکڵی، ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان کارتێکی سەرەکییە لە ئەمەریکا بۆ خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشچوونی ناوچەکە. هاوکات هەرێمی کوردستان خۆی سەلماندووە کە ئەمەریکا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت.

ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها جەختێشی کردەوە، کورد هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە، هاوکات پێگەیەکی سەقامگیریی لە ناوچەکە هەیە.

کێن شۆکڵی باسی لەوەش کرد، لەو بڕوایە دایه‌ تاوەکوو ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بێت لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، چونکە پێشمەرگە هاوکارییەکی زۆر باشی ئەمەریکای کردووە لە تێکشکاندنی داعش.

شۆکڵی گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ جەختی لە بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووریی کردووەتەوە. لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆری ئابووری لە کەرتی وزە و پیشەسازیی هەیە، بۆیە وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و زیاتر دەبێت.

ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، لە ئێران و عێراق سیاسەت لە پێشینەیە، بەڵام  لە  هەرێمی کوردستان گەل لە پێش هەموو شتێکە، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش لە ڕووی ئابووری ئەمنیەوە بۆ هاووڵاتییانی دروست بکات.

شۆکڵی گوتیشی: "پێم وایە، بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان و پرسی دیکەی سیاسی، ئەمەریکا دەتوانێت فشار لە عێراق بکات بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارە بکات."