ڕوبیۆ و ناتانیاهۆ دۆخی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان تاوتوێ دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکانی تەلەفۆنیدا باسیان لە دۆخی غەززە و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کرد.

شەممە 17ـی ئایاری 2025, تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

تامی بروس ئاماژەشی دا، ڕوبیۆ و ناتانیاهۆ دۆخی غەززە و هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان تاوتوێ کردووە.

هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی حەماس بڵاوی کردەوە، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەستی غەززە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دەوحە دەستی پێ کرد.

ئەو بەرپرسە ئاماژەشی داوە، دانوستانەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە لەلایەن حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت، هاوکات باس لە هەموو پرسەکانی پەیوەست بە شەڕەکە دەکرێت.