سوپای ئیسرائیل: شکستمان بە هێرشێکی مووشەکیی یەمەن هێنا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگریی لە مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراوە.
سوپا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ڕێگریمان لە مووشەکێک کرد کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، بەڵام لە چەند ناوچەیەکی وڵات زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ درا."
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "هەڵکوتانە سەر بەندەرەکانی حودەیدە و سەلیف دەستی پێ کردووە و ژێرخانی تیرۆریستانی حووسییەکانی سەر بە ئێرانمان بۆمباران کردووە و لەناومان بردووە."
حووسییەکانی یەمەن وەک هاوسۆزیی بۆ گەلی فەلەستین، بەردەوامن لە هەڵدانی مووشەک بەرەو ئیسرائیل، بەڵام ڕێککەوتن کە کۆتایی بە هێرشی سەر کەشتییە ئەمەریکییەکان بهێنن.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل چەندان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر یەمەن، یەکێک لە هێرشەکان، زیانی بە فڕۆکەخانەی سەرەکیی شاری سەنعا گەیاند و چەندان کەس تێیدا کوژراوە.