سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا: دۆخی غەززە تراجیدیایە

ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا حەپەسانی خۆی لە دۆخی کەرتی غەززە ڕاگەیاند و داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی غەززەی کرد.
ئەنتۆنیۆ کۆستا، لە پلاتفۆرمی ئێسکی خۆی نووسیویەتی: دۆخی غەززە تراجیدیایە، خەڵکی سڤیل برسین، نەخۆشخانەکان بۆمباران دەکرێن. دەبێت توندوتیژییەکان بوەستێنرێن.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "قۆناغی یەکەمی هێرشە بەرفراوانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کردووە و هێزی زیاتری کۆ کردووەتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی بە ناوچە ستراتیجییەکانی ناو کەرتی غەززە وەسفی کردووە."
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەستی هێرشەکان بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "ئۆتۆمبێلی جەدعۆن"ی لێ نراوە، ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم کەرتی غەززە و دانانی لەژێر کۆنترۆڵی سەربازی ڕاستەوخۆ و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەیەتی بۆ باشوور.
لە وەڵامی پلانێکی نوێی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی غەززە، بەرپرسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە نوێیەکە، شارەزایی هەیە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە پێویستەکان بۆ غەززەییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، پلانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، لەلایەن خێرخوازان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەکرێت دەستبەجێ دەست پێ بکات.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە 160 هەزار باری هاوکاریی لەبەردەستدایە، ئامادەن بۆ گواستنەوەیان کاتێک ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە غەززە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی دۆخی غەززەی بەرگە نەگیراوە و ئاماژەی بەوەدا، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو پرسە تاوتوێ دەکات، هەروەک چۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریکییەکەی کرد.