دی ماریا دوای 18 ساڵ ئەوروپا جێدەهێڵێت

ئانخێل دی ماریا یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا، دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە بە یەکجاری ریزەکانی یانەی بێنفیکای پۆرتوگاڵی جێدەهێڵێت. دەنگۆیەکیش هەیە بۆ وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە خولی وڵاتەکەی.
ئانخێل دی ماریا یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و یانەی بێنفیکای پۆرتوگاڵی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆرە کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردەوە، کۆتایی ئەم وەرزە ریزەکانی یانەکەی جێدەهێڵێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە یانەکەی داهاتوو نەکردووە. دەنگۆیەک هەیە دی ماریا بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە خولی وڵاتەکەی و پەیوەندی بە یانەی رۆزاریۆ سێنترالەوە بکات.
لەلایەکی دیکەوە یانەی بێنفیکا لە یاری کۆتایی جامی پۆرتوگاڵ، بڕیارە رووبەرووی سپۆرتینگ لیسبۆنا ببێتەوە و دواتریش لەگەڵ دی ماریا بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکەن، پاشان یاریزانە ئارجێنتیناییەکە بە یەکجاری ریزەکانی یانەکەی جێدەهێڵێت.
دی ماریا بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2007 ریزەکانی یانەی رۆزاریۆ سێنتراڵی وڵاتەکەی جێهێشت و بەرەو ئەوروپا کاروانەکەی گواستەوە، ئەو کاتە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بێنفیکا کرد و پاشان لە ساڵی 2010 رویکردە ئیسپانیا و پەیوەندی بە یانەی ریاڵ مەدرید کرد، یاریزانەکەی پێشووی تانگۆ ئەو ساڵانەی لە ئەوروپا یاری کرد، درێسی یانەکانی یوڤێنتوس و پاریس سانجێرمان و هەروەها مانچێستەر یونایتدیشی پۆشی و توانی لەگەڵ هەموو ئەو یانانە لە کیشوەری سەوز توانی 27 ناسناو بەدەست بهێنێت.