عێراق بەبەهای زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی هاوردە کردووە
لەساڵی ڕابردوودا، عێراق، بەبەهای زیاترلە 700 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی هاوردە کردووە، کە دەکاتە 16%ـی کۆی هەناردەی ئۆتۆمبێلی ژاپۆن بۆ وڵاتانی دەرەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە ساڵی 2024دا، عێراق بەبەهای 712 ملیۆن و 472 دۆلار، ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی هاوردە کردووە، کە دەکاتە 16%ـی کۆی هەناردەی ژاپۆن بۆ وڵاتانی جیهان.
هەر بەگوێرەی داتاکان، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان کە لە ژاپۆنەوە هاوردەکراون گەیشتووەتە 17 هەزار و 994 ئۆتۆمبێل، بە بەهای 612 ملیۆن و 315 هەزار دۆلار، هاوکات ژمارەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل بەکار دەهێنرێن، گەیشتووەتە دوو هەزار و 156 ئۆتۆمبێل کە بەهاکەیان 51 ملیۆن و 693 هەزار دۆلارە.
هەروەها ژمارەی ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگری تایبەت و تراکتۆر و ئیکسسواراتەکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێل، گەیشتووەتە سێ هەزار و 201 یەکە، کە بەهای کۆی گشتییان 39 ملیۆن و 421 هەزار دۆلار بووە.
هەروەها ئامارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە "ژمارەی ماتۆڕسکیل و پاسکیلی هاوردەکراو لە ژاپۆنەوە گەیشتووەتە 236 هەزار و 477 یەکە، کە بەهاکەیان حەوت ملیۆن و 970 هەزار دۆلار بووە، لەکاتێکدا ژمارەی ئیکسسواراتەکانی پاسکیل و عەرەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەت و عەرەبانەی منداڵان گەیشتووەتە 510 یەکە کە بەهاکەیان ملیۆنێک و 78 هەزار دۆلار بووە."