ئیسرائیل: تیمەکانمان لە دەوحە بە دوای ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەگەڕێن
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە قەتەر بە دوای ڕێگەیەکی گونجاو دەگەڕێن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. هاوکات حەماسیش ڕازیبووە ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیل لە بەرانبەر ڕاگرتنی شەڕی بۆ 60 ڕۆژ ئازاد بکات.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دانوستانەکان لە دەوحە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، تیمەکانیان بە دوای ڕێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی غەززە بێنن.
هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە، تیمە دانوستانکارەکانیان دەیانەوێت لە ڕێگەی پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ یان لە ڕێگەی پێشنیازێکی دیکە لەگەڵ حەماس ڕێک بکەون.
نووسینگەکە ئاماژەشی داوە، بە هەر ڕێگەیەک بێت دەبێت هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن و حەماسیش چەک دابنێت و غەززە جێبهێڵێت.
ڕۆژنامەی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی لەسەر زاری سەرکردەیەکی حەماس ڕایگەیاندووە، گرووپەکە ڕازیبووە حەفت بۆ نۆ بارمتەی ئیسرائیل لە بەرانبەر 60 ڕۆژ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی 300 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات.
ئەمەش لە کاتێک دایە، سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاندوە، هێزەکانیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا لە باشوور و باکووری غەززە دەستیان بە ئۆپەرەسیۆنێکی زەمینی کردوو، هاوکات ئاماژەشی داوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەیان چەکداری حەماسیان کوشتووە و چەندین ژێرخانییان لە ناوبردووە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی حەماس ڕایگەیاند، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەستی غەززە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دەوحە دەستی پێ کرد.
ئەو بەرپرسە ئاماژەشی داوە، دانوستانەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە لەلایەن حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت، هاوکات باس لە هەموو پرسەکانی پەیوەست بە شەڕەکە دەکرێت.