عراقچی: ئێران ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا ئاسایی بکاتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەورووپا سیاسەتێکی ڕاستەقینە و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی لە بەرانەبەر ئێران پەیڕەو بکات، ئەوا وڵاتەکەی هیچ بەرهەڵستییەک لە بەردەم دووبارە دروستکردنەوە متمانە لەگەڵ ئەوان نابینێت.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: وڵاتەکەی ئامادەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەورووپا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام دەبێت وڵاتانی ئەورووپا لە سیاسەتەکەیاندا نیازێکی ڕاستەقینە نیشان بدەن و دەستوەردانی دەرەکی تێدا نەبێت.

هەروەها گوتیشی: ئەگەر ئەورووپا ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکات، ئەوا ئێران هیچ بەرهەڵستییەک لە بەردەم دووبارە بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان و دروستکردنەوەی متمانە نابینێت.

ڕۆژی هەینی، 16ـی ئایاری 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەری وڵاتەکەی سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوێنه‌رانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی: لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕاکانمان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی گۆڕییەوە، هاوکات باسمان لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن و هەڵگرتنی سزاکانی سەر تارانمان کرد.

گوتیشی: ئێران ئامادەیە بە بەشداریی چین، ڕووسیا و ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی دیکەش لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە بکات.