هۆشیار زێباری: بەم زوانە کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەست پێ دەکاتەوە
هۆشیار زێباری، ئهندامی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: بەم زووانە کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە و دەڵێت: کە بەیەکەوە دەبین، بەهێزتر دەبین.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، هۆشیار زێباری، ئهندامی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پانێلێکی کۆڕبەندی دێڵفی-سلێمانی ڕایگەیاند: چەندین کۆبوونەوەیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و گوتی: لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و برادەرانی دیکەش، کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و هەڵ دەدەین هەرچی زووە کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنین.
هۆشیار زێباری دەڵێت: ئەوە ڕاستییە و ناگۆڕێت کە بەیەکەوە بین، بەهێزتر دەبین لەبەرچاوی هاوڕێکانمان، هەروەها پێگەیەکەی باشترمان دەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێکانیشمان.
ئەو ئهندامەی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی هەرێمی کوردستان هەستیارە و گوتی: پێم وایە نزیکین لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە و بەم زوانە دەست بە گفتوگۆکان دەکەینەوە.
ڕۆژی 28ـی نیسانی 2025،کۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوینەهەواری دوکان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کرد.
شاندی باڵای پارتی پێکهاتبوو لە:
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی
دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی
ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی
شاندی باڵای یەکێتی پێکهاتبوو لە:
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی
دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێت.
شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.
لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
