نێچيرڤان بارزانى و عەباس عراقچی پەرەپێدانی په‌يوەندييه‌كان تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و  وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران جەختيان لەسەر خواستی دوولايه‌نه‌ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان کردەووە به‌ شێوه‌يه‌ك خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئێران و عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بکات.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران کۆبوونەوە و پەیوەندیى دوولايه‌نه‌ و چۆنیەتيی پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبه‌شيان له‌ بواره‌ جیاجياكاندا، تاوتوێ كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا ستايشى پەیوەندییە دێرينه‌كانى نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستانيان كرد و جەختيان لەسەر خواستی دوولايه‌نه‌ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان کردەووە به‌ شێوه‌يه‌ك خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئێران و عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بکات.

هەروەها ئاماژەشی داوە، تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. تيايدا داكۆکييان لەسەر گرنگيی گفتوگۆ بۆ دوورخستنه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزى كرده‌وه‌.

شه‌ممه‌، 17ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ تارانی پایته‌ختی ئێران و له‌ لایه‌ن سه‌ید مووسا عەلیزادە تەباتەبایی، بەرپرسی بەشی کەنداوی فارس و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازیی لێ کرا.