نێچيرڤان بارزانى: عێراق زۆر دوورە لە فیدراڵیزمەوە
ئهمڕۆ يهكشهممه 18ـی ئایاری 2025، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، به بانگهێشتێكى فهرمى، بهشداريى له كۆڕبهندى تاران بۆ گفتوگۆدا كرد كه ناوهندى لێكۆڵينهوهى سياسى و نێودهوڵهتيى سهر به وهزارهتى دهرهوهى كۆمارى ئيسلاميى ئێران ئهنجامى دهدات و به بهشداريى مهسعوود پزشكيان سهرۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ژماريهك له بهرپرسانى باڵاى وڵاتان و ميوانان بهڕێوه چوو.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ بانگهێشتەکە و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە بەکوردی قسەکردنی سەرۆک کۆماری ئێران ئەوانی دڵخۆشکردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا و دەتوانێت لە داهاتووی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت، ئێستا گەورەترین کێشە لە بەغدا، کێشەی قهرهباڵغيى ترافيكه.
گوتیشی: عێراق خەریکە لە قۆناغێکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکە، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر وەک وڵاتێکی گرنگ لە ناوچەکە بگێڕێت.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق زۆر دوورە لە فیدراڵیزمەوە. ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە بەغدا گەنگەشەمان لەسەر ئەوەیە، ئێمە دەڵێین، لە جوگرافیایەکدا دەژین کە پێی دەگوترێت عێراق. ئێمە دەبێت مۆدێلێکی بەڕێوەبردن پێناسە بکەین کە لە عێراق جێگەی ڕەزامەندیی هەمووان بێت. ئەو مۆدێلە لە دەستووری عێراقدا پێناسە کراوە و 80٪ـی خەڵکی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە دا. ئێمە لە هەرێمی کوردستان داهاتوومان لەو چوارچێوەیەدا دەبینینەوە و دڵنیاین ئەگەر بیانەوێت دەستوور جێبەجێ بکەن، عێراق دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا نییە.
نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەندیی مێژوویین، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 60٪ـی ئەو ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق هەیەتی، لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە عێراق، گوتیشی: هەفتەی داهاتوودا دانیشتنێکی دیکەمان هەیە کە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دادەنیشن و گەشتێکیشیان هەیە بۆ تاران، لەوانەیە سەرۆککۆماریش ببینن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە هەموو بوارەکاندا پەرەپێدان بەو پەیوەندییانە دەبینن؛ لە بواری سیاسی، کولتووری، زانکۆ و بازرگانی، گوتی: ئێمە پێشکەوتنی باشمان لە پەیوەندییەکان، لە هەموو بوارەکاندا بەدەستهێناوە.
لەبارەی سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش بۆ هەولێر، نێچیرڤان بارزانی گوتی: کاتێک سەرۆککۆمار هاتە بەغدا و هەولێر، لە هەولێر بە کوردییەک قسەی کرد، بە زمانی کوردی وەها قسەی دەکرد کە هەموو سەریان سوڕما، سەردانی منیش بۆ تاران کاریگەری لە هەموو پرس و ئاستەکان و پەیوەندییەکان دەبێت و بەرەو پێشەوە دەچن.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگە نادەن هەرێمی کوردستان سەرچاوەی مەترسی بێت بۆ دراوسێکان و گوتی: لە بواری ئەمنییەوە پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە، میکانیزمێکمان دیاری کرد کە بەغدا و هەولێر و کۆماری ئیسلامی پێکەوە تێیدا کار دەکەن، دوێنێ شەو هەندێک دانیشتنیشم هەبوو لە تاران، هەموومان ئەوە دەزانین کە تاوەکوو ئێستا لە بواری ئەمنییەوە قۆناغی باشمان بڕیوە و دووپاتی دەکەینەوە خاکی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی مەترسی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناشبێت.
لەبارەی پرسی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: پرسی کورد ناکرێت لە ڕێگەی شەڕ و خوێنڕشتنەوە چارەسەر بکرێت، ئەو ڕۆڵەی ئێمە لە کوردستانی عێراق دەیگێڕین ئەوەیە کە هاوکار بین، دەستوەردان ناکەین، نە لە کاروباری نێوخۆی تورکیا و نە لە کاروباری نێوخۆیيی هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵام ئەگەر بتوانین لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا یارمەتیدەر بین بۆ تورکیا، ئەو ئامادەییەمان هەیە.
گوتی: ئەو پرۆسەیە لە تورکیا دەستیپێکردووە و جددییە، کە لەلایەکەوە پەکەکە هەیە، لە لایەکی دیکەوە دەم پارتی، لە لایەکی دیکەشەوە بەڕێز ئۆجەلان، ئەو سێیانە، کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو پرۆسەیەن کە ئێستا پێیەوە سەرقاڵن و ئێمە ڕامانگەیاندووە کە هەر هاوکارییەک لەلایەن ئێمەوە پێویست بێ، ئامادەین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، دەزانین ئەو کێشەیە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چارەسەر نابێت.