قالیباف: دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌ ئاستێكی باڵادایه‌

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کورستان، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە، لەگەڵ سەرۆکی هەرێم گفتوگۆمان کردووە لەسەر پەیوەندییە ئابووری، سیاسی، ئەمنی و کەلتوورییەکانی نێوان دوو وڵات و دەمانەوێت زیاتر پەرەی پێ بدەن.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک دوو هاوڕێ پێکەوە کۆ بووینەوە، لەگەڵ هەرێمەکە هەماهەنگیمان لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و کەلتووری هەیە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: پێم وایە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکێک لە کۆبوونەوە باشەکان بوو و دۆسیایەتی و هەماهەنگیمان لە ئەوپەڕی خۆیدا بووو باسی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکانمان کرد.

باسی لەوەش کرد، هیچ کاممان ڕێگە نادەین کەسانێک کە دەیانەوێت ئاسایشی لایەنەکەی دیکە تێک بدەن لە خاکی هەردوولادا چالاکی بکەن.

قالیباف، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یارمەتیی داین بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئێمە کە لە هەرێمی کوردستان زیندانی بوون ئازاد بکرێن.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەڵێت: پەیوەندیمان زۆر باش و نزیکە، ڕۆژ بە ڕۆژیش هاوکارییە ئابووری و سیاسییەکانمان پەرە پێ دەدەین. زۆریش خۆشحاڵین ئەم برایەتی و هاوکارییەمان لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە.

 
Fly Erbil Advertisment