سەرکردەکانی ئەورووپا چاویان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپە بۆ پوتن
سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، چاویان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەرۆکی ڕووسیایە. بڕیاریشە بەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ژمارەیەک سەرکردە قسە لەگەڵ ترەمپ بکەن.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند: بڕیارە لەگەڵ سەرکردەکانی فەڕەنسا، بەریتانیا و پۆڵەندا بەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ بۆ پوتن و زێلێنسکی، قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بکەن.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەشی دا، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕۆما دیداریان هەبووە و باسییان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ کردووە. گوتیشی: لەگەڵ چوار سەرکردەی ئەورووپا لە بارەی گفتوگۆیەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندی بە ترەمپ دەکەن.
ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا لە ڕۆما ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بۆ پرسی ئۆکرانیا و داهاتووی ئەو وڵاتە هەفتەیەکی گرنگ دەبێت.
ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری بەرپرسێکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ڕۆما کۆبوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە ئۆکرانییە، هەردوو سەرکردەکە، پەیوەندییە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ بۆ پوتن و زێلێنسکی و سەپاندنی سزاکان سەر ڕووسیا لە ئەگەری نەگەیشتەنە هیچ ئەنجامێک تاوتوێ کردووە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی: "ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی واشنتن بە تەلەفۆن لەبارەی ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکەم."
دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاندبوو، دواتر بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ناتۆ دەکات.