جۆن دیکسن: هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگە

ڕاوێژکاری باڵای دامەزراوەی ئاشتیی جیهانی ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ واشنتن دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بەهێزتر بێت. گوتیشی: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەمیشە بۆ ئەمەریکا گرنگ بووە.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، جۆن دیکسن، ڕاوێژکاری باڵای دامەزراوەی ئاشتیی جیهانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شەڕەفمەندم بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، کە لە سەردانەکەیدا سەرنجی زیاتر لەسەر کەرتی وزە و نەوت و بازرگانیی دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت سەقامگیری لە ناوچەکە بنیات بنێت و لە ڕێگەی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن بەهێزتر بکات.

گوتیشی: بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نیشانەی ئەو ڕێزەیە کە واشنتن لە هەولێری دەگرێت، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی چەندین کاری ناوازە لە نێوانیاندا بکرێت و گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا ڕووبدات.

ڕاوێژکاری باڵای دامەزراوەی ئاشتیی جیهانی ئاماژەشی دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بۆ ئەمەریکا هەیە، هاوکات پەیوەندییەکانی واشنتن و هەولێر زۆر بێ هاوتا، ناوازە و بەهێزن. گوتیشی: هەرێمی کوردستان بە فرە پێکهاتەی و دینی و پێکەوەژیان لە وڵاتەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە، کە ئەمەش نموونەیەکی ناوازە و سەرنج ڕاکێشە لە ناوچەکەدا.

جۆن دیکسن ڕاشیگەیاند، بەرژەوەندیی ئەمەریکا لە ناوچەکە تەنیا سەقامگیری نییە، بەڵکوو ڕەتکردنەوەی ئەڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە توانای هەرێمی کوردستان دایە، چونکە ناوچەیەکی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە بووەتە جێگەی سەرنجی ئەمەریکا.

گوتیشی: پێم وایە، هێزی پێشمەرگە شەڕکەرێکی ناوازەن لە ناوچەکە و ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەو و لە پێناو ئاشتی جەنگان، بۆیە دەمانەوێت هەموو جیهان ئەو چیرۆکی پێشمەرگە بزانن.