سکۆت بەیتس: هەرێمی کوردستان دۆستێکی گرنگ و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە
ئەندامێکی باڵا لە پرۆژەی ئاسایشی ئەمەریکی، دەڵێت: بەرپرسانی کورد لەلایەن ئەمەریکاوە زۆر ڕێز لێگیراون و قسەکانیان بەهەند وەردەگیرێن. گوتیشی: هەرێمی کوردستان دۆستێکی گرنگ و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، سکۆت بەیتس، ئەندامی باڵا لە پرۆژەی ئاسایشی ئەمەریکی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر گرنگ و گونجاو دایە، چونکە دۆناڵد ترەمپ چەند ڕۆژێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاوەتەوە.
ئەو ئەندامە باڵایەی پرۆژەی ئاسایشی ئەمەریکی، دەڵێت: لە گفتوگۆگانی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی کورد کراوە، ئەمەش زۆر گرنگە.
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، سکۆت بەیتس، ئاماژەی بەوە دا، هەرێمەکە دۆستێکی گرنگ و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە، بەرپرسانی کورد لەلایەن ئەمەریکاوە زۆر ڕێزلێگیراون و قسەکانیان بەهەند وەردەگیرێن.
لەبارەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، ناوبراو ڕوونی کردەوە، دروستکردنی گەورەترین باڵەخانە بۆ کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، جارێکی دیکە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەمەریکا چەندە گرنگی بە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمەکە دەدات.
دەشڵێت: ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە هاوبەشی بەهێز و گرنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، 25 ساڵە پەیوەندی و ئەمەریکا و کورد بەردەوامە، بەرپرسانی وڵاتەکەمان دێن هەڵسەنگاندنێکی دیکە بۆ ئەو پەیوەندییانە دەکەن.
ئەو ئەندامە باڵایەی پرۆژەی ئاسایشی ئەمەریکی، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بوومایە، ئەو هەموو بەرەوپێشچوونەی هەرێمەکەم بە چاوی خۆم دیبا، زۆر دڵخۆش دەبووم.
جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشەی لەگەڵ دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمەریکا هەیە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆکی حکوومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەمەریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمەریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی دەکات.