ئۆجەلان: لەسەر پرسی برایەتی، پێویستمان بە ڕێککەوتنێکی نوێ هەیە
عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دەڵێت: پێویستمان بە ڕێککەوتنێکی نوێ هەیە لەسەر بابەتی برایەتی.
لەڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە، عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی ناردو بڵاو کرایەوە، لە پەیامە نوێکەدا، عەبدولڵا ئۆجەلان دەڵێت: ئەوەی ئێمە دەیکەین نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات.
ئۆجەلان دەشڵێت: سروشتی پەیوەندی تورکیا و کورد تەواو جیاوازە، لەهەر بارودۆخێکدا ئەوەی زیانی پێدەگات پەیوەندی برایەتییە.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە، برا شەڕ دەکەن، بەڵام یەکێکیان بەبێ ئەوی تریان بوونی نییە.
لە پەیامەکەیدا، عەبدولڵا ئۆجەلان دەڵێت: ئێمە خەریکی پاککردنەوەی ئەو تەڵە و مینانەی کە زیان بەم پەیوەندییە دەگەیەنن، سەرقاڵی چاککردنەوەی ڕێگا و پردە زیانلێکەوتووەکانی نێوانمانین.
دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بۆ یەکەم جار شاندی دەم پارتی ئیمرالیی سەردانی ئۆجەلانییان کرد، هەرچەند زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا دەڵێن، قۆناغی داهاتووی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن بۆ پرۆسەکە بنرێت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە، هاوکات دوای گەرانەوەی شاندەکە لە زیندانی ئیمرالی، دەوڵەت باخچەلی، کە بەدەستپێشخەری پرۆسەی نوێی ئاشتی دادەنرێت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لەگەڵ بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، قۆناغێکی نوێ و هەستیار دەستیپێکردووە و پێویستی بە ئارامگری هەیە.