بایدن تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە

بە گوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، دوای پشکنین بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە. 

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، نووسینگەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، جۆو بایدنی تەمەن 82 ساڵ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هەفتەی ڕابردوو، بایدن بەهۆی هەستکردن بە هەندێک نیشانەوە و بە مەبەستی پشکنین سەردانی پزیشکی کردووە، ڕۆژی هەینی ئەنجامی پشکنینەکان دەرچووە و گرێیەک لە پرۆستاتی بایدن دۆزراوەتەوە.

نووسینگەکە باسی لەوەش کردووە، خێزانی بایدن بەدوای چارەسەری شێرپەنجەکە دەگەڕێن.

هاوکات لە ڕاپۆرتی پزیشکی جۆو بایدن هاتووە، شێرپەنجەکە لە ئاستێکی پێشکەوتوو دایە، کە کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان دەبێت، بەڵام بە چارەسەری پزیشکی دەتوانرێت ڕێگری لە تەشەنەی شێرپەنجەکە بکرێت. هاوکات ئاماژەشی داوە، ئەو جۆرەی شێرپەنجە لە ئاستی یەک تاوەکوو 10 پێوانە دەکرێت، پزیشکەکان شێرپەنجەکەی بایدنیان بە ئاستی 9 دەست نیشان کردووە.