سەرۆک بارزانی ڕۆڵی مەدحەت بێخەو لە بزاڤی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیدا بەرز دەنرخێنێت

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاعیری گەورەی کورد مەدحەت بێخەو کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاعیری گەورەی کورد مەدحەت بێخەو کرد

 دووشەممە 19ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاعیری گەورەی نەتەوەیی کورد مەدحەت خدر عەبدوڵلا، ناسراو بە مەدحەت بێخەو کرد.

بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو "لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای هەواڵپرسینی، ڕۆڵی مامۆستا مەدحەت بێخەوی لە بزاڤی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی و دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی شۆڕش و نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی بەرز نرخاند."

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە سروودی (ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین)ـدا کە شیعری مامۆستا مەدحەت بووە و بە دەنگی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان فواد ئەحمەد گوتراوەتەوە و هەروەها لەڕێی چەندین سروود و شیعری نەتەوەیی تر جێدەستی مامۆستا مەدحەت لە پێشخستنی گیانی نەتەوەخوازی و خۆشەویستیی نیشتمان لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دیار بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە "سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی لە ئەرک و ماندووبوونی مامۆستا مەدحەت بێخەو کرد لە خزمەتکردنی بواری شیعر و سروودی منداڵانی کوردستان و هیوای لەشساغی و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا مەدحەت خواست."