کۆشکی سپی: پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پوتن دەستی پێ کرد
پەیوەندیە تەلەفۆنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لهگهڵ سەرۆکی رووسیا لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستی پێ کردووە و بڕیاریشە دواتر سهرۆكی ئهمهریكا قسە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیاش بکات.
دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، کارۆلین لڤیت، گوتەبێژی کۆشکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پەیوەندیە تەلەفۆنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستی پێ کردووە.
گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ، لەسەر ئەو پرسە لە ڕووسیا و ئۆکرانیا بێزار و ماندوو بووە.
هەروەها بڕیاریشە، دوای پەیوەندییەکەی پوتن، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ژمارەیهک سەرکردەی ناتۆ بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەم ساڵەدا تاوەکوو ئێستا دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین، دوو جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، ئەوانیش لە 12 شوبات و 18 ئادار بووه.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) ڕایگەیاندبوو: ئەگەری هەیە ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاو ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ یەک کۆببنەوە، بەڵام ئەوە پەیوەست و مەرجدارە بەوەی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بگەنە ڕێککەوتن.
دوای نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەینی 16ی ئەم مانگە شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا لە ئیستانبۆڵ لەبارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ، گفتوگۆیان کرد، بەڵام دوای دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکە مایە پووچ بووە و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە؛ هەر بۆیە بڕیاری دا جارێکی دیکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ پوتن بکاتەوە.