دەیڤید پاتێل: کوردستان و ئەمەریکا ستراتیژیەتێکی هاوبەشیان هەیە

دەیڤید پاتێل، توێژەر لە سەنتەری بێلفەر بۆ دەستپێشخەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ستراتیژیەتێکی هاوبەشیان هەیە.

دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، دەیڤید پاتێل، توێژەر لە سەنتەری بێلفەر بۆ دەستپێشخەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی ئەمەریکا چەندین ئامانجی هاوبەشیان هەیە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، ئامانج تێیدا ئەوەیە دەرفەتێکی هاوبەش هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی دیکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ئەوەیە، وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنان بهێنێتە کوردستان، ئەوەش یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، سەرنجی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هەمان سەرنجی دۆناڵد ترەمپە، دەشڵێت: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی چەندین ئامانجی دیکەی هەیە لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا.

پاتێل ئاماژە بەوە دەکات، چەندین ئالەنگاریی لەبەردەم بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی کوردستانە، سەقامگیریی ئێران و تورکیا و سووریا و عێراق و ناوچەکە، ئامانجی هەرێمی کوردستانە.

دەیڤید پاتێل دەڵێت: ئێستا لە هەرێمی کوردستان تا ڕاددەیەک سەقامگیریی هەیە، دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدیش، ترەمپ چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوت، ترەمپ چاوی لەوەیە سەقامگیریی بێنێتە ناوچەکە، دەیەوێت هەسەدە و لایەنەکانی دیکەش لەگەڵ حکوومەتی سووریا ڕێکبکەون، کە پەکەکەش بڕیاریداوە چەک دابنێت، هۆکارێکە بۆ هاتنە ئارای سەقامگیریی لە ناوچەکە، ستراتیژیەتی هەرێمی کوردستان و ستراتیژیەتی ئەمەریکا وەک یەکە کە چاویان لەوەیە سەقامگیریی لە ناوچەکە هەبێت.

پاتێل گوتی: لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەخرێنە بەردەم کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا، کورد بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە و هەوڵدەدەن پەیوەندییەکان پتەو بکەن.

ئەو توێژەرە لە سەنتەری بێلفەر بۆ دەستپێشخەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ڕێککەوتن هەبێت، ئێستا دەرفەتێک هەیە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، بوونی پەیوەندی وەبەرهێنان لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگن، ئەمە وادەکات هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، بەتایبەت لەو ئیدارەیەی ئەمەریکا کە سەرنجی لەسەر وەبەرهێنانە، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان هەمیشە دوورگەیەکی ئارامی بووە لە ناوچەکە، لە کاتێکدا دەورووبەری کوردستان و ناوچەکە زۆر نا سەقامگیرە، هەرێمی کوردستان بۆ هەمووان وڵاتێکی زۆر سەقامگیرە بەروارد بە وڵاتانی ناوچەکە.

دەیڤید پاتێل گوتی: پێویستە کورد تەواوی توانای خۆی، تەواوی پشتیوانیی خۆی لە ئەمەریکا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارە بێت.