کۆمپانیای WesternZagros: ڕێککەوتنێکمان بۆ بەڕێوەبردنی کیڵگەی نەوتی تۆپخانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد

کۆمپانیای WesternZagros ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێكیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کردووە بۆ بەڕێوەبردنی کیڵگەی نەوتی تۆپخانە، هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەو ڕێککەوتنە هاوکار دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پێدانی بە ملیۆنان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان.

پێنجشەممە 19ـی ئایاری 2025،  WesternZagros کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکیە بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان کە لە هەرێمی کوردستانی کار دەکات لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، بە شانازییەوە لەمەودوا کار لە کێڵگەی نەوتی تۆپخانە دەکات.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەو ڕێککەوتنە ڕۆڵێکی کاریگەری لە ئاسایش و فراوانکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت، هاوکات هاوکار دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پێدانی بە ملیۆنان هاووڵاتی. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کیڵگەی تۆپخانە و کوردەمیر بەیەکەوە توانایان هەیە پێنج تریلیۆن پێ سێجا و 900 ملیۆن بەرمیل غازی سروشتی و نەوتی خاو بەرهەم بهێنن. هاوکات پێشبینی دەکرێت لە ماوەی کارکردندا 70 ملیار دۆلار داهات بە دەست بهێنێت.

تۆفیق شاهین، سەرۆکی کۆمپانیای WesternZagros گوتی: "گەشەپێدانی کیڵگەی نەوتی تۆپخانە و کوردەمیر لەلایەن WesternZagros، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دەستەبەرکردنی و گەیاندن و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ملیۆنان کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

شاهین هەروەها ئاماژەشی دا، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشە بۆ هاوبەشییان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنیان لە ئایندەییەکی گەشی وزەی هەرێم.

ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایشی وزە و سەقامگیکردنی ستراتیژییە نیشتمانی بەهێزتر دەکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە وەک مۆدێلێک بۆ هاوکاریی بازرگانیی نێوان کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی حکوومەتی ئەمەریکا کار دەکات.