باربارا لیف: لە بەرژەوەندی ئەمەریکایە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمێکی کوردستانێکی بەهێز لە عێراقێکی فیدراڵدا هەبێت، دەشڵێت: سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لەو کاتەدا، زۆر گرنگە.
دووشەممە باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بۆ کوردستان24 گوتی: خۆشحاڵم بەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بەرەو باشین و ڕێککەوتن و گرێبەست ئیمزا دەکەن، ئێستا ئەو ڕێککەوتن و گرێبەستانە لەو کاتەدا زۆر گرنگە.
لەبارەی خواستی ئەمەریکاش بۆ ناوچەیەکی بەهێزی ئابووری، بابارا گوتی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت جێی نیگەرانییە، ئەمەریکا دەیەوێت بازاڕی وزە سەقامگیر بێت کە لەبەرژەوەندی کوردستانە، ئەو گرێبەستەی وزەی ئەمەریکا و کوردستان، لە سوودی ئەمەریکا و کوردستان و سەقامگیریی ئاسایشە لە هەموو جیهان، دەشڵێت: ئەو گرێبەستانە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان دەباتە قۆناغێکی دیکە.
باربارا لیف ئاماژەی بەوە کرد، هەندێ کێشەی سیاسیی و یاسایی بووەتە هۆی وەستاندنی نەوتی کوردستان، ئیدارەی بایدن لەگەڵ حکوومەتی کوردستان و عێراق لەوبارەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
سەبارەت بە سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، باربارا دەڵێت: ئامانجی سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا ئەوەیە، دەیەوێت بەرژەوەندی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات، بۆیە سەردانەکەی زۆر گرنگە.
باربارالیف گوتی: بەرژەوەندییەکانی ئێمە لە عێراق هەر ماوە لەگەڵ ئەوەی سەربازەکانمان لە 2011 لە عێراق کشانەوە، ئیدارەکانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کشانەوەی سەربازەکان واتای ئەوە نییە بەرژەوەندییەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵکو ڕەنگە بە شێوازیی دیکە ئەو پەیوەندییانە فراوانتر بن، بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان بەیەکەوە ڕێ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بەرژەوەندیی ئەمەریکا بپارێزێت، پێویستە هێزەکانی عێراق و پیشمەرگە توانای ئەوەیان هەبێت ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.
باربارا دەڵێت: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا مێژووییە و خەڵکی هەیە لە واشنتن حەز دەکەن ئەو پەیوەندییە بمێنێت و پەرەی بێ بدرێت، گوتی: هێزی پێشمەرگە قارەمانانە دژی تیرۆر و داعش شەڕی کرد و هەموو جیهانی پاراست، ئەمە پەیوەندییەکەی بەهێزتر کرد، پێشمەرگە نەوەک هەر هێزێکە پارێزگاریی لە ئاسایشی کوردستان دەکات، بەڵکو بوونەتە هێزێک بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان، بۆیە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران هاتوونەتە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.
کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان پرسێکی دیکەی گرنگ بوو کە باربارا لیف قسەی لەبارەوە کرد و گوتی: کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان واتای ئەوەیە ئەمەریکا مەبەستییەتی سەقامگیریی، خۆشگوزەرانی، ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەبێت چونکە بەرژەوەندیی لەوەدا هەیە.
لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقیش بۆ بێهێزکردنی کوردستان، باربارالیف گوتی: ئێمە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی بەهێزبێت لەنێو عێراقێکی فیدراڵیدا، لە بەرژەوەندیی ئەمەریکایە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە ناوچەکەدا هەبێت.