ئێمی ئۆستن: ترەمپ و مەسرور بارزانی سەرنجیان لەسەر وەبەرهێنان و گەشەی ئابوورییه‌

پرۆفیسۆرێک لە زانکۆی جۆرج واشنتن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی گرنگ سەردانی واشنتنی کرد، بە تایبەتی دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە هه‌ردوووكیان سەرنجیان لەسەر وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری و وزە هەیە.

دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، ئێمی ئۆستن، لیکۆلەر و پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج واشنتن بە کوردستان24ـی گوتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو سەرکردەن سەرنجیان لەسەر وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری و وزە هەیە، بۆیە ڕێککەوتنەکانی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایە ئەمەریکییەکان بۆ هەردوولا زۆر گرنگ دەبێت.

هەروەها گوتیشی: سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی گرنگ سەردانی ئەمەریکای کرد، بە تایبەتی دوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت.

لەبارەی مەبەستی سەردانەکەی شاندی سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا، ئێمی ئۆستن ئاماژەی دا، لە سەردانەکەدا سەرنج لەسەر وەبەرهێنان لە بواری وزەی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت.

گوتیشی: "پێم وایە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر پرسی دیپلۆماتی لەگەڵ عێراق و تورکیا دەبێت، هەروەها بابەتی فرەپێکهاته‌ی ئایینی و  پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان پرسێکی دیکەی تەوەرەکان دەبێت، بەتایبەت کە ڕوبیۆ زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان باسی له‌وه‌ كرد: کردنەوەی گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئه‌مه‌ریكا لە هەرێمی کوردستان نیشانەی پەیوەندییەکی باشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایە، هاوکات هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە و بەتایبەت لە سووریا ڕوویان داوە.