مارتن ماننا: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بە مەبەستی بەهێزکردنی بازرگانی نێوانیانە

سەرۆکی ژووری بازرگانی کلدانی-ئەمەریکی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەلامەتە، شوێنێکە هەموو پێکهاتەکان و دینەکان بە ئازادی لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئەمەریکا زۆر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات.

دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مارتن ماننا، سەرۆکی ژووری بازرگانی کلدانی-ئەمەریکی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایانەکان و مامەڵەی بازرگانییەکانە. 

هەروەها ئاماژەشی دا، ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان مامەڵەی بازرگانی و ڕێککەوتنی زیاتر لە بارەی وزەوە ئیمزا بکەن.

مارتن ماننا گوتیشی: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەلامەتە، شوێنێکە هەموو پێکهاتەکان و دینەکان بە ئازادی لەخۆ دەگرێت. کوردستان چرایە بۆ فرە پێکهاتەکان، ئەمەریکا بەو ڕاستییە دەزانێت بۆیە زۆر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات. لە ڕاستیدا ئەمە لە جیهان دەنگی داوەتەوە.

ئاماژەشی دا، سەقامگیری ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووتە هۆی ئەوەی  لە ساڵانی ڕابردوودا وەبەرهێنەرێکی زۆری بیانی بێتە هەریمی کوردستان.

سەرۆکی ژووری بازرگانی کلدانی-ئەمەریکی ڕاشیگەیاند، دواتر دیداریان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لەبارەی پێکهاتەی کلدانییەکان و زیادکردنی ژمارەیان و بەشداریکردنیان لە ئاسایشی و پرۆسەی سیاسی گفتوگۆ دەکەن. گوتیشی: میشگن و عەنکاوە بوونەتە دەستەخوشک ئەمەش دەسکەوتە.