جینا ئابەرکرۆمب: ڕێککەوتنەکانی وزە ئاسۆیەکی گەشتر بە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن دەدەن

جینا ئابەرکرۆمب، ئەندامی باڵا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک دەڵێت: ئیمزا کردنی گرێبەسەکانی وزە ئاسۆیەکی گەشە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دەباتە قۆناغێکی دیکە.
جینا ئابەرکرۆمب، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا و ئەندامی باڵا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک لە واشنتنەوە میوانی کوردستان24 بوو لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، گوتی: کاتی سەردانەکە گرنگە و لەسەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمییە، چونکە حکوومەتی ئەمەریکا و کەرتی تایبەتی ئەم وڵاتە مەبەستیانە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کورستان هەبێت و پەرەی پێ بدەن.
گوتیشی: ئەو گرێبەستانەی ئیمزا دەکرێن زۆر گرنگن، گرنگییەکەشی لەوەدایە بەهایان ملیاران دۆلارە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا دەبەنە قۆناغێکی پێشکەوتوو تر، گرنگییەکەشی هەر بە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتیی بۆ عێراقیش گرنگە، هەربۆیە ئەمەریکا پێزانینی هەیە بۆ ئەم پەرە پێدانەی پەیوەندییەکان و هاوبەشیەی هەیە.
جینا ئابەرکرۆمب ئاماژەیدا، ڕاستە ئەم گرێبەستانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئیمزا دەکرێن، بەڵام ئەمەریکا پاڵپشتیکارێکی بەهێزی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی سەروەری عێراقە، بەڵام لە نێو ئەو عێراقە یەکگرتووەدا، دەبێت مافی پێکهاتەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە مافەکانی گەلی کوردستان پارێزراو بن.
گوتیشی: سەرۆک ترەمپ درک بەوە دەکات، کە دەبێت مافەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراق پارێزراو بن، لەگەڵ ئەمەشدا نایەوێت کێشەی دیکەش لە ناوچە زیاد بێت، هەربۆیە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق پشتگیری لە سەقامگیری عێراق دەکات.
هەروەها ئاماژەیدا، بوونی گەورەترین کۆمەڵگەی نوێنەرایەتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەهێزی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هەولێر.