مەسرور بارزانی: ئیمزاکردنی گرێبەستەکان پابەندبوونی هەرێم بە ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری دەسەلمێنن
لەدوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی بواری وزە لە نێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا سوپاسی ژووری بازرگانی ئەمەریکای کرد و گوتی: سوپاس بۆ ئەم ئامادەکارییەی بۆ ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی گرنگ لەگەڵ دوو کۆمپانیای گرنگی ئەمەریکا کرا.
گوتیشی: ئەم ڕێککەوتنە ملیار دۆلارییە، پابەندی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە دەسەلمێنێت.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لێرە لە واشنتنم کە سەرپەشتنی ئیمزاکردنی ئەم دوو ڕێککەوتنە گرنگە بکەم، بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە، ئێچ کەی ئێن و وێسترن زاگرۆس لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە کار دەکەن، کە ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە؛ هاوکات سوودیان بۆ کۆمپانیاکەی خۆیان و وڵاتەکەشیان هەبووە.
هەروەها سەرۆکی حکوومەت ئاماژەیدا، ئەم وەبەرهێنانە نوێیە بۆ پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بە گشتی، گوتیشی: حکوومەتی هەرێم خۆی تەرخان کردووە و زۆر پابەندبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت پرۆگرامی چاکسازییەکانی ئێمە بووەتە هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هیودارین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین.
گوتیشی: پیرۆزبایتان لێدەکەم و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گەلی عێراق دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، هەروا پیرۆزبایی لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەم، کە بەشێک بوون لەو هاوبەشییە گرنگە لەگەڵ ئێمە، لەم بڕوایەدام ئەمە دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت گوتی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی لە دژی دیکتاتۆرییەت و دژی تیرۆر شەڕمان کرد و توانیمان ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هاوبەشییەکەمان زۆر لە شەڕی تیرۆر و چالاکی سەربازی گەورەترە، چونکە بڕوامانوایە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە بواری وزە دەکرێت قوڵتر و فراوانتر بکرێتەوە و بەهێزتر و بەهێزتر بکرێت.