سەرۆک بارزانی: سڵاو بۆ ئەو قارەمانانەی ئەمڕۆیان دروست کرد
سێشەممە، 20-05-2025، کە دەکاتە 63ـەمین ساڵەی بوونی بە پێشمەرگە، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
سڵاو بۆ هەموو پێشمەرگەکان و چاویان ماچ دەکەم،
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان و سڵاو بۆ هەموو ئەو قارەمانانە کە ئەمڕۆیان دروست کرد و بوونە شانازی بۆ گەلەکەیان.
سڵاو بۆ هەموو پێشمەرگەکان و چاویان ماچ دەکەم،
— Masoud Barzani (@masoud_barzani) May 20, 2025
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان و سڵاو بۆ هەموو ئەو قارەمانانە کە ئەمڕۆیان دروست کرد و بوونە شانازی بۆ گەلەکەیان.
سەرۆک بارزانی، له 20ی ئایاری ساڵی 1962، پەیوەندیی بە ریزهكانی پێشمهرگهوه کرد و لە چوارچێوەی شۆڕشە یەك لە دوایەكەكان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا، هاوشان لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە، چەندان دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلی كوردستان بە دەست هێناوە. دەستکەوتی رێکەوتتنامەی 11ی ئاداری 1970 و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی باشوور، لە دەستکەوتە پڕ بایەخەکانی شۆڕشی ئەیلوولە، کە سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگە و شاندی دانوستانکار رۆڵێکی بەرچاوی تێدا هەبوو.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئیدریس بارزانیی برای، هەڵگیرسێنەری شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخوازن، کە ئاکامەکانی ئهو شۆڕشه، راپەرینە شکۆدارەکەی ئاداری 1991 و دواتر پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. هەرێمێک لەسەر ئاستی ناوچەکە خاوەنی حکومەتێکی دیموکراتییه، کە تێیدا مافی هاووڵاتیبوون و ژنپارێزی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگا فەراهەم کرد.
بەر لە رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، سەرۆک بارزانی رۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا بینی و دواتر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، بە هەوڵ و کۆششی سەرۆک بارزانی مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا جێکرایەوە.
سەرۆک بارزانی لە جەنگی دژی تیرۆردا، وەک پێشمەرگە و سەرۆک، شانبەشانی پێشمەرگە و رۆڵەکانی کوردستان دژ بە رێکخراوی داعش وەستایەوە و بەردەوام لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا مایەوە.
سەرۆک بارزانی لەو کاتەی حکومەتی بەغدا دژ بە مافە دەستوورییەکانی کوردستان وەستایەوە و بودجە و قووتی هاونیشتمانیانی بڕین مەرامی دوژمناکارانەی ئەو دەستەڵاتەی هەست پێ کرد، وەک پێشمەرگە و سەرۆک رابەرایەتی گەلی کوردستانی کرد و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی لە 25ی ئەیلوولی 2017 کرد.
سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان وەک دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی، لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی سەرۆک بارزانییە و گەلی کورد شانازی بەو رۆژ و دەرفەتەوە دەکات.
لە ماوەی 63 ساڵ پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی، خەبات و تێکۆشان بۆ بە دەستهێنانی مافی گەلی کوردستان، تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادی و دیموکراسی، پێکەوەژیان، رەنگدانەوەی زیاتر لە نیو سەدە پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی بووە.
