یەکێتیی ئەورووپا سزا ئابوورییەکانی سەر سووریای هەڵدەگرێت

یەکێتیی ئەورووپا وەکوو پشتگیریی بۆ بووژاندنەوەی سووریا، هەموو سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە هەڵگرت.
سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکی ئەورووپی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێتیی ئەورووپا هەڵگرتنی هەموو سزا ئابوورییەکانی سەر سووریای پەسەند کرد.
ئاماژەشی داوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بۆ دووبارە بووژاندنەوەی ئابووری ئەو وڵاتەیە، هەروەها پێشبینی دەکرێت هەڵگرتنی سزاکان ئازادکردنی پارەکانی سووریا و دەستڕاگەیشتنی بانکەکانی سووریا بە سیستەمی دارایی جیهانی بێت.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، 27 نوێنەری وڵاتان لە یەکێتیی ئەورووپا بە شێوەییەکی سەرەتایی بڕیارەکەیان پەسەند کردووە. پێشبینیش دەکرێت دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا ڕاگەیەندراوی فەرمی لەوبارەیەوە بڵاو بکرێتەوە.
پێشتر بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو "ئیدارەی ئەمەریکا بەنیازە لە چەند هەفتەی داهاتوودا مۆڵەتی گشتی دەربکات، بە ئامانجی فراوانکردنی ئابووریی سووریا و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە، ئەم مۆڵەتانەش بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی سزاکان بە تەواوی هەڵدەگیرێن."
سێشەمە، 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمەریکی لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە، ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆکانم لەگەڵ محەممەد بن سەلمان و لەسەر داواکاریی ئەو، سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرین و دەرفەتێکی نوێیان پێ دەدەین.