بەریتانیا و ئەورووپا سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن
بەریتانیا و ئەورووپا بۆ فشارخستنە سەر سەرۆکی ڕووسیا سزای نوێ بەسەر کۆمپانیا داراییەکان و ئەو تانکەرە نەوتانە کە بە نهێنی هاوکاریی ڕووسیا دەکەن، دەسەپێنن.
سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بەریتانیا و ئەورووپا بۆ فشارخستنە سەر ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا سزای نوێیان بەسەر ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ئاماژەشی داوە، سزاکان تایبەت دەبن بە کۆمپانیا داراییەکان و تانکەرە نەوتانە کە بە نهێنی هاوکاریی ڕووسیا دەکەن.
ڕۆیتەرز باسی لەوەش کردووە، هەرچەندە بەریتانیا و ئەورووپا لۆبییەکی بەهێزیان بەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دروست کردووە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە سەپاندنی سزاکان، بەڵام بەبێ گەڕانەوەی بۆ واشنتن ئەو بڕیارەیان داوە.
دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن لەباری کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەورووپادا کرد.
دوای تەلەفۆنەکە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕازی بوونە دەستبەجێ بە شێوەییەکی دوو قۆڵی دانوستان لەباری ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیان دەست پێ بکەن.
ژمارەیەک سەرکردەکانی ئەورووپاش ڕایانگەیاندبوو، بۆفشار خستنە سەر رووسیا سزای زیاتر بەسەردا دەسەپینین.