سائول مۆنتیس: ئیدارەی ترەمپ سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

سائول مۆنتیس لێكۆڵەر لە دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێونەتەوەیی لە فلۆریدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرنجی لەسەر ئەوەیە، پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر و بەهێزتر بکرێن لە کەرت و بوارە جیاوازەکاندا، گوتیشی: چەندین توانا هەیە لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا دەستییان بۆ نەبراوە، لەبارەی سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکاش نەیشاردەوە کە، ئیدارەی ترەمپ بە خۆشحاڵییەوە لەو سەردانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڕوانن.

سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، سائول مۆنتیس لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان24 ئاماژەی تیشکی خستە سەر ئەوەی، گرێبەستی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمەریکی بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەبواری وزە، بۆ هەردوولا زۆر گرنگە و دەکرێت بە ملیاران دۆلار داهاتیان دەستکەوێت،  دەڵێت: گرێبەستەکان کاریگەرییان لەسەر وێستگەکانی کارەبا دەبێت، گوتیشی: چەندین توانا لە هەرێمی کوردستان هەن تا ئێستا دەستییان بۆ نەبراوە، پێویستە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت.

ئەو لێکۆڵەرە گوتی: لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرنج لەسەر ئەوەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر و بەهێزتر بکرێن لە کەرت و بوارە جیاوازەکاندا، ئێستا دەستپێکە، خەریکە کاریگەرییەکانی ئەو پەیوەندییە بەهێزە دەردەکەوێت، ئەوەشی گوت: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆنگرێسمان جۆ وێڵسن ئاماژەیەکی مەزن و دیارە، ئێستا ئیدارەی ترەمپ بە خۆشحاڵییەوە لەو سەردانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڕوانن.

مۆنتیس گوتی: هەرێمی کوردستان بەراورد بە بەشەکانی دیکەی ناوچەکە و عێراقیش، ناوچەیەکی متمانە پێكراوە بۆ ئەمەریکا، دەڵێت: لەچەند دەیەی ڕابردوودا تا ئێستاش، ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمایەکی بەهێز بووە، لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بونیاتنراوە بۆ ئەوەی پەرە بە هەرێمی کوردستان بدرێت لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا.

 لەبارەی دەرفەتەکانی بەردەم کوردستانیش، مۆنتیس گوتی: چەکدانانی پەکەکە دەرفەتێک دەداتە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە باشتر بکات.

دکتۆر سائول مۆنتیس لێكۆڵەر لە دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێونەتەوەیی لە فلۆریدا گوتی: پێویستە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو گرێبەستانە زۆر بە وریایی مامەڵە بکات، ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، پێشتریش کاریان لە هەرێمی کوردستان کردووە و وەبەرهێنان کردووە، دەیانەوێت وەبەرهێنانیان فراوانتر بکەن، ئێستا هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور کار لەسەر توانا و سەرچاوەکانی وزەی خۆی دەکات بۆ ئەوەی فراوانتریان بکات.