موسا ئەحمەد: هەڵمەتی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەست پێ دەکەین

موسا ئەحمەد
موسا ئەحمەد

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵمەتی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەکەن، هەڵمەتەکەش لەپێناو ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەرە.

سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 8ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەپرژێتە سەر هەموو ئەو کار و پرۆژانەی پێویستبوون کاریان لەسەر بکرێت، دەڵێت: چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەوەک هەر لە هەرێمی کوردستان، لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان و عەفرین هەن.

موسا ئەحمەد گوتی: بەر لەوەی ئێمە بچینە عەفرین، سەدا 25ـی خەڵکی ڕەسەن لە ناوچەکە مابوون، بەڵام کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتە عەفرین، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی گەیشتووەتە سەدا 70  و بە خۆشحاڵییەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، چونکە بوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی متمانەی بۆ دروستکردوون، نەوەک پێویستیان بە هاوکارییەکان بووبێت، دەشڵێت: ئەو پشتیوانی و هاوکارییەش بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان، پرسێکی نیشتمانی و مرۆییە، ئێمە زەمینە خۆش دەکەین بۆ ئەوەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکان، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، موسا ئەحمەد ئومێدی کرد، دەرفەتیان بۆ دروست بکرێت بچنە قامیشلۆ و پرۆژە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بگەیەننە ئەوێش.

موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا 261 هەزار پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستان هەن، بۆیە بوونی ئەوان لە ڕۆژئاوای  کوردستان گرنگە، تاکو زەمینە خۆشبکەن ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

لەبارەی خزمەتی ئاوارە و پەنابەران، موسا ئەحمەد گوتی: ئەرکی ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە بە پلەی یەکەم، لەماوەی تەنها دوو مانگدا زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەریمی کوردستان کرد، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەدا 30 زیادیکردووە، خزمەتکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانیش ئەرکێکی زەحمەت و قورس بوو.

یارمەتیدانی منداڵانی ئۆتیزمیش، پرسێکی دیکەی دەزگای خێرخوازی بارزانییە، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاشکرای کرد، لەهەولێر بەشتیوانی مانگی سووری ئیماراتی سەنتەرێکی ئۆتیزمیان کردەوە و سێ ساڵە ئەو سەنتەرە خزمەت دەکات، گوتی: تا ئێستا 64 منداڵی ئۆتیزم گەڕاونەتەوە خوێندنی ئاسایی، ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە لەچاوی ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کار دەکەن، ڕاشیگەیاند: لە سۆرانیش سەنتەرێکیان بۆ منداڵانی ئۆتیزم کردووەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەنتەرێکی ئۆتیزم دەکەنەوە، موسا ئەحمەد گوتیشی: دهۆک و ناوچەکانی دیکە لە پلانی دەزگای خێرخوازی بارزانیدان سەنتەری ئۆتیزمیان تیادا بکرێتەوە. 

لەبارەی خەڵاتی وینگس ئۆف هێڵپ کە بە دەزگای خێرخوازی بارزانی دراوە، موسا ئەحمەد ئاشکرای کرد، ڕێکخراوی باڵی هاوکاریی لە ئەڵمانیا کە یەکێکە لە ڕێکخراوە دیارەکانی ئەو وڵاتە، ئەو کەسانە خەڵات دەکات کە دەگەنە ترۆپکی کاری هونەری، ڕۆژنامەوانی،وەرزشی، بواری مرۆیی و بوارەکانی دیکەش، دەڵێت: ئەو خەڵاتە متمانەیەکی گەورەیە بۆ تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکات زیادکردنی پشتیوانەکانی ئەو دەزگایە، ئاشکرای کرد، لەنێو 5 کەسایەتی جیهان، دەزگای خێرخوازی بارزانی بووە خاوەنی ئەو خەڵاتە، دەشڵێت: ئەمە یەکەم خەڵاتی جیهانی نییە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەری گرتبێت.

لەبارەی ئەو چالاکییەی بڕیارە هەفتەی داهاتوو بیکەن، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند: هەڵمەتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە دەبەین، گوتی: مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان بەردی بناغەی سەنتەرێکی گەورەی بۆ شیاندنەوەی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر دانا کە دەبێتە یەکەم سەنتەر لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەورووبەر ، سەنتەرەکە بەهاوکاری ئێل دی ئێسی ئەمەریکی و کۆمەڵێک ڕێکخراوی دیکەش دامەزرێندراوە.