رۆژێك دوای رێکەوتنەکەی ئیسرائیل و ئیمارات کاردانەوەكان ده‌ستیان پێكرد

رێككه‌وتنه‌كه‌ شه‌قامی عه‌ره‌بیی دابه‌ش كردووه‌

K24- هه‌ولێر:

رۆژێك دوای رێکەوتنەکەی ئیسرائیل و ئیمارات کاردانەوە نێودەوڵەتی و ھەرێمیەکان دەستیان پێکرد و به‌شێكیان پاڵپشتی و به‌شێكی دیكه‌یان دژایه‌تی ده‌كه‌ن.

ئەمه‌ریکا، یەکێتی ئەوروپا و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەکە پیرۆزبایی و پیشوازی لە رێکەوتنەکە دەکەن، بەھەنگاوێکی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست دەزانن، له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ی دژی رێکەوتنەکەن حەماس، تورکیا و ئێرانن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئیماراتی لە ئەنقەر بانگھێشت کردووە، ناڕەزایی وڵاتەکەی پێگەیاندووە. ئەردۆغانیش دەیەوێت بەتەواوی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیمارات بپچرێنیت.

لە بەیروتیشەوە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رێکەوتنەکە بە شانۆگەری ناوبرد و گوتی: ئەم رێکەوتنە چارەسەری کێشەی فەلەستین ناکات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ زه‌ریف دووپاتیكرده‌وه‌، "ئەمه‌ریکیەکان لە راستی دۆخی فەلەستینی داگیرکراو تێناگەن و پێیانوایە، بەم شانۆگەرییەی دوێنێی و رێکەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات، دەتوانن چارەنووسی فەلەستین یەکلا بکەنەوە. ئەم ئیدارەی ئێستای ئەمه‌ریکا سەلماندوویەتی کە ھیچ لە سیاسەتی ناوچەکە نازانێت."

یاریدەدەری وەزیری رۆشنبیری و دیپلۆماسی گشتیی ئیماراتیش جه‌ختی كرده‌وه‌: ئەم ھەنگاوە داینامیکی سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستین دەگۆڕێت و لە رۆژانی داھاتوو وڵاتانی دیکەی عەرەبیش دەرگای خۆیان بەڕووی ئیسرائیلدا دەکەنەوە.

عومەر غوباش، یاریدەدەری وەزیری رۆشنبیری و دیپلۆماسی گشتیی ئیمارات گوتی: "ئەگەر بە راگەیاندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل داینامیکی سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن لەسەر خاکی فەلەستین بگۆڕین، ئەگەر تەنیا ئەمەش بکەین سەرکەوتنە. ئێمە دەمانەوێت بیرکردنەوە و تێگەیشتنی ھەردوولا بۆ چارەسەری کێشەکان بگۆڕین. ھیوادارین ئیسرائیلیش سوود لەو ھەنگاوە ئەرێنیانە وەربگرێت، کە ئیمارات و لە داھاتووشدا وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەرەو رووی دەنێن."

هاوكات فەلەستینیەکانیش تووڕەن لەوەی کە ئەم رێکەوتنەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل وەك دەستکەوت و چاکە پێیان بفرۆشرێتەوە. ئیماراتیش دڵنیایی داوه‌ته‌ فه‌له‌ستینییه‌كان و پێی گوتوون: "منەتتان بەسەروه‌ ناکه‌ین، بەڵام دەرفەتێکی دیکەمان رەخساندووە بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستین و لە کیس خۆتانی مەدەن".

H.B