وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ڕێککەوتنەکان پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا و کوردستان فراوانتر دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان فراوانتر دەبێت. 

چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: خۆشحاڵین دەبینین پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، فراوانتر دەبێت. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە هاوبەشییانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق و سوودی بۆ هەردوو گەلەکەمان دەبێت."

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.