مەسرور بارزانی: کار دەکەین بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیی بەهێزی کوردستان و ئەمەریکا
چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتن، ڕایگەیاند، کار دەکەین بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیی بەهێزی کوردستان و ئەمەریکا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی: "کار دەکەین بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیی بەهێزی کوردستان و ئەمەریکا، لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش و گەشەپێدانی ئابووری."
We are building on the already strong relationship between Kurdistan and the United States — grounded in economic prosperity and shared values. pic.twitter.com/3W1ptiIWCq
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) May 20, 2025
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.