یەکێتیی ئەورووپا پێداچوونەوە بە ڕێککەوتن و پەیوەندییەکانیی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا لە دۆخی غەززە و مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ هاووڵاتییانی غەززە نیگەرانبوونە، بە تایبەت ڕێگەنەدان و ئاستەنگ دروستکردن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە کەرتی غەززە، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا داوای پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنامەکان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.

چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو ڕووداوانەی غەززە، ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا داوا دەکەن پێداچوونەوە بە ڕێککەوتن و پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن. 

هەروەها گوتیشی: بارودۆخی غەززە کارەساتبارە. هەروەها ئەو برە هاوکارییەی ئیسرائیل ڕێگەی داوە بچێتە غەززە، دلۆپێکە لە دەریاییەک. داواشی کرد، هاوکارییەکان دەستبەجێ و بەبێ هیچ ئاستەنگێک بگەینرێنە غەززە.

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دووشەممەی ڕابردوو، چوار بارهەڵگر خۆراکی منداڵان و ڕۆژی سێشەممەش ژمارەیەک بارهەڵگری دیکەی ئارد، دەرمان، پێداویستی خۆراک و کەلوپەلی سەرەتایی گەیەنراونەتە غەززە.

دوجاریک ئاماژەی بەوەش داوە، لەسەر سنووری کەریم شالوم هێزەکانی ئیسرائیل داوایان کردووە هەموو کەلوپەلەکانی نێو بارهەڵگرەکانی هاوکارییەکان بەجیا بهێنرێنە خوارە و دواتر باری بکەنەوە.

 گوتیشی: تیمەکانمان چەندین کاتژمێر لە چاوەڕێ مۆڵەتی ئیسرائیل بوونە بۆ ئەوەی کەلوپەلەکان کۆبکڕێنەوە و باربکرێن، لە کۆتاییدا ڕێگەیان نەدا ئەو کەلوپەلانە ببرێنە نێو کۆگاکانمان لە غەززە.

گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل مۆڵەتی داوە تەنیا  100بارهەڵگری هاوکارییەکان ببرێنە ناو غەززە.

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی ئەوەی چەند بارهەڵگرەی چوونەتە غەززە، ئۆرێن مارمۆرستین، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: سەرەتا پێویستە لە ژمارەی بارهەڵگرەکان دڵنیا ببینەوە ئەو کات ڕایدەگەیەنین، گوتیشی: مەبەستمانە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر بچنە ناو غەززە.

لە 2ـی ئایاری 2025، دوای شکستهێنانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەموو دەروازەکان بە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکان داخران.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کۆتاییهێنان بە حەماس و شەڕی غەززە لە باشوور و باکووری غەززە دەست پێ کردووە.