پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە پێکهێنانی حکوومەت تاوتوێ دەکەن
هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە کۆ دەبنەوە و پێکهێنانی حکوومەت تاوتوێ دەکەن.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-05-2025، هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەولێر کۆ دەبنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.
دوایین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، ڕۆژی دووشەممە، 28-04-2025، لە هاوینەهەواری دوکان، لە سلێمانی بەڕێوە چوو. مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی هەردوو شاندیان دەکرد.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.
لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.