مایک پۆمپێیۆ: سەربەخۆیی کوردستان یەکانگیرە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمەریکا
مایک پۆمپێیۆ جەخت دەکاتەوە، سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادایە و دەبێت واشنتن دان بە ریفراندۆمی 2017ـدا بنێت. دەشڵێت: کاتی هاتووە هەڵەکانمان چاک بکەینەوە.
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا ((CIA وتارێکی بە ناونیشانی (کورد شایەنی باشترە و چۆن ئەمەریکا دەتوانێت پاڵپشتیی لە هاوپەیمانێکی بکات بۆ سەربەخۆیی ) لە ڕۆژنامەی 'نیویۆرک پۆست'ـی ئەمەریکی بڵاو کردووەتەوە.
وتارەکە ڕۆژی سێشەممە، 20-05-2025، بڵاو کراوەتەوە، تێیدا وەزیری پێشووتری ئەمەریکا باسی لە ریفراندۆمی ساڵی 2017ـی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن و چەند پرسێکی دیکەی کردووە.
بۆچوونی پۆمپێیۆ لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن
لە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووەوە، 18-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و کۆنگرێسمانی ئەمەریکایی کۆ بووەتەوە. هاوکات سەرپەرشتیی ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی کردووە.
لەبارەی سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، پۆمپێیۆ لە وتارەکەیدا باسی لەوە کردووە "گەلی کورد خۆی سەلماندووە یەکێکە لە ڕاستگۆترین هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەوان تاوەکوو ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین. هەروەکوو دەبینین مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەم هەفتەیەدا سەردانی واشنتنی کردووە، ئەو هاوڕێیانەمان کە لە هەرێمی کوردستان سەردانی واشنتنیان کردووە شایەنی باشترینن."
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە "لە کاتێکدا ئێمە لە ڕێگاکانی بەرەوپێشبردنی هاوبەشی ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەگەڕێین، پێویستە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا پێشوازییەکی گەرمی لێ بکرێت."
بۆچوونی پۆمپێیۆ لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان
25ـی ئەیلوولی 2017 هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد. زیاتر لە 93%ـی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان دا.
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا بە پێویستی دەزانێت "ئەمەریکا ڕێز لە شەرعییەتی ڕیفراندۆمی 2017 هەرێمی کوردستان بگرێت، کە 93%ـی هاووڵاتییانی کورد سەربەخۆییان هەڵبژارد."
پۆمپێیۆ پێی وایە "داننان بە ڕەوایەتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانیکردن لە ئۆتۆنۆمی کورد بە واتای ڕێزگرتن لە ئیرادەی دیموکراسی گەلێک کە مافی دیاریکردنی داهاتووی خۆیان بەدەست هێناوە."
لەبارەی لێکەوتەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەرێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا، باسی لە ڕۆڵی ئێران کردووە و دەڵێت: بەغدا (بە پشتیوانیی ئێران) لەبری ڕێزگرتن لەم پرۆسەیە دیموکراسییە (ریفراندۆم)، هێز و تانکی بۆ سزادانی کورد ناردە ناوچەکە و سزا و گەمارۆی بەسەردا سەپاندن."
لەبارەی هەڵوێستی ئەو کاتی ئەمەریکا لەگەڵ ریفراندۆم، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە "لەو کاتەدا ئەمەریکا سەقامگیرە دەستکردەکەی عێراقی بەسەر خواستەکانی کوردی هەڵبژارد، کە ئەمەش هەڵەیەک بوو پێویستە ئێستا ڕاستی بکەینەوە. پێویستە ئەمەریکا لەگەڵ کورد بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی ئاشتیانە و دانوستانکاری و سەربەخۆیی کار بکات."
پۆمپێیۆ نووسیویەتی: "کورد وەک ئەمەریکاییەکان ئاواتەخوازن چارەی خۆنووسین و حکومەتی نوێنەرایەتییان هەبێت. ئەوان هیچ ئارەزووی ئەوەیان نییە ببنە دەوڵەتێکی ژێردەستەی هیچ نەیارێکی ئەمەریکا. بۆ ماوەیەکی زۆرە ئەمەریکا کەمتەرخەمی لە بەهای ستراتیژی پشتیوانی لە کوردستان کردووە."
"دەبێت ڕێگریی لە سەپاندنی سزاکان بکەین"
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمە دەبێت ڕێگری لەو سزایانە بکەین کە کورد بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆی، بەسەریاندا دەسەپێنرێن. بەغدا چەندان جار شایستە داراییەکانی (هەرێمی کوردستانی) ڕاگرتووە و ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی کردووە، ئەمەش تاکتیکێک کە تاران بۆ ملکەچکردنی کورد هانی داوە."
پۆمپێیۆ بە پێویستی دەزانێت "ئەمەریکا فشارەکانی لەسەر حکومەتی عێراق بۆ هەڵگرتنی سنووردارکردنی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەکاربهێنێت. بە ئەنجامدانی ئەو کارە کورد دەتوانێت گەشە بکات و بەشداری لە دابینکردنی نەوتی جیهانیدا بکات، ئەمەش ئاسایشی وزەی گشتی بەرز دەکاتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگیریی ئەمەریکا "حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای سزاکانی بەغدا، توانیویەتی ئابوورییەکی کارا بونیات بنێت و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت، هاوکات حووکمڕانییەکی کاریگەری نیشان داوە."
"سەربەخۆیی کورد لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادایە"
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە "لە کاتێکدا نەتەوەکانی دیکە بە قسە هاوڕێیەتی خۆیان بۆ ئەمەریکا پیشان داوە، بەڵام کورد بە کردار و قوربانیدان خۆیان سەلماندووە. خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی هەر تەنیا مافێک نییە، بەڵکوو لە نزیکەوە یەکانگیرە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. هەرەکوو لە ماوەی کارکردنم وەک وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری (سی ئای ئەی( لە خولی یەکەمی ئیدارەی ترامپدا، شایەتحالی پابەندبوونیان بە ئامانجەکانی ئێمە بوون. "
لەبارەی شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعش، پۆمپێیۆ باسی لەوە کردووە "پێشمەرگەکان بە بەردەوام لە دژی دووژمنەکانی ئەمەریکا شەڕیان کردووە، لەوانەش جیهاد، داعش و قاعیدە ئەوانی دیکە، کە خوێن و گەنجینەی ئەمەریکایان پاراستووە. پێچەوانەی هەموو هاوبەشەکانی دیکەمان لە ناوچەکە، کورد هەرگیز لەگەڵ هیچ تیرۆرستێکی دووژمنی ئەمەریکا دەستی تێکەڵ نەکردووە و لە ڕشتنی خوێنی ئەمەریکییەک دەستی نەبووە."
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە هەڵوێستی تورکیا لە بەرانبەر سەربەخۆیی کوردستان کردووە. دەڵێت: "بە هەمان شێوە پێویستە ئەمەریکا بۆ سەرنج خستەنە سەر سوودە ستراتیژییە درێژخایەنەکان و پشتیوانیکردن لە سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵ بێت، بە تایبەت کە دانیشتووانێکی زۆری کورد لە ناوچەکانیان هەیە، کە ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیە بەردەوامەکان."
ڕۆڵی کورد لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی کوردی کردووە. گوتوویەتی: "لەم کاتە گرنگەدا لە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە کورد بخەینە ناو ستراتیژی ناوچەکەمانەوە. سەرەتا دەبێت ئەمەریکا بەرپەرچی هەوڵە ناوچەییەکان بۆ تێکدانی خۆبەڕێوەبەریی کورد بداتەوە. کاتێک سوپای پاسدارانی ئێران مووشەک ئاراستەی کوردنشینەکان دەکات وەک ساڵی ڕابردوو، دەبێت واشنتن وەڵام بداتەوە و کاردانەوەی هەبێت."
پۆمپێیۆ دووپاتی کردووەتەوە "پێویستە ئەمەریکا بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ سەروەری زیاتری کورد هانی بەغدا و هەولێر بدات، بەشێوەیەک هەم ئاواتەکانی کورد بەدی دێت و هەم نیگەرانییەکانی عێراق بڕوەێنرێنەوە. بۆ ئەوەی ململانێی نوێ دروست نەبێت پێویستە ئەم ئامانجە درێژخایەنە لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە بەدیبهێت، ئامانجێک کە شایەنی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت، بەتایبەت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا."
پۆمپێیۆ ئاماژەی بە ماوەی کارکردنی لە خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ کردووە و جەختی کردووەتەوە "لە ساڵانی خزمەتکردنمدا، فێربووم کە ئەمەریکا کاتێک بەهێزترینە کە پارێزگاری لەو کەسانە دەکات کە بەها و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا هاوبەش دەکات."
سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان
پۆمپێیۆ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە: "هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرچاوەیەکی سروشتی زۆرن، کە ئەمەش توانایەکی بەهێزی خۆبژێوی ئابوورییان پێ دەبەخشێت، دڵسۆزی ئەوان داهاتێکی ناوازەی لە سەرمایەگوزارییەکی کەمدا بەدەست هێناوە، بە بەراورد بەو تریلیۆن دۆلارەی کە لە ململانێکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجکراون."
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کە لە ئاداری 2023ـەوە وەستاوە، پۆمپێیۆ نووسیویەتی: "هەرێمی کوردستان تەنها خۆی نزیکەی 45 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی یەدەگی عێراقە. هەروەها خاوەنی کێڵگەیەکی زۆری گازی سروشتین. هەروەها خاکی کوردەکان ناوچەی نەوتە کانزاییە بەنرخەکانە، کە تاڕادەیەکی زۆر بە هۆی کۆت و بەندە سیاسییەکانەوە سوودیان لێ وەرنەگیراوە ."
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە "بە پێدانی ئازادی ئابووری، کوردستان بە خێرایی گەشە دەکات و دەبێتە هاوبەشێکی خۆبژێوی کە پێگەی ستراتیژی ئەمەریکا بەهێز دەکات بەبێ ئەوەی سەرچاوەکانمان بەهەدەر بدەن. هاوکات کۆمەڵگەی کوردەکان بیرۆکەی دژە جوولەکە و ئەمەریکای ڕەت کردووتەوە. "