سەرۆک بارزانی: ئەرکی کادیرانی پارتی خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازی
سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشداربووانی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند "لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ سەرپەرشتیار و ستافی بەڕێوەبردن و مامۆستا و کادیرانی بەشدار لە خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە."
لەم کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی کردنەوەی خولی نوێی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاراستەی بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە وێستگە گرنگەکانی مێژوو و قوربانیدانی پارتی و ڕێبازی بارزان، جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی کادیری پارتی لە بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی و بەهێزکردنەوەی بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی کورد کردەوە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند کە ئەرکی کادیری پارتیە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بکات و پارێزگاری لە بەها باڵاکان بکات.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتیی، لەم بارەیەوە ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە خستەڕوو.