ئێلی گۆڵد: هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەناوچەکەدا یەکەمە

سەرۆکی ئینستۆتی گۆڵد بۆ ستراتیجیی نێودەوڵەتیی لە واشنتن ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

ئێلی گۆڵد، سەرۆکی ئینستۆتی گۆڵد بۆ ستراتیجیی نێودەوڵەتیی، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر گرنگە، بەتایبەتی ئیمزاکردنی ئەم دوو گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لەم کاتەدا کە سەرۆکی ئەمەریکا گرنگی زۆر بە پەیوەندییە بازرگانییەکان دەدات و هەربۆیە ئەم گرێبەستانە هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

ئێلی گۆڵد گوتیشی: پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. "پێویستە بەغدا لەوە تێ بگات کە کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەناوچەکەدا یەکەمە، هەربۆیە ئەمە لەبەرژەوەندیی بەغدایە لەوە تێ بگات، بەتایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق"

ئێلی گۆڵد، باسی لەوەش کرد، کاریگەرییەکی زۆری دەرەکی لەسەر بەغدا هەیە بەتایبەتی ئێران، هەر ئەمە وایکردووە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەم شێوەیە بێت، پێویستە ئەمەریکا ڕاشکاوتر بێت لەگەڵ عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تێ بگات ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیکات زۆر دەستورییە.

ئێلی گۆڵد، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستانە ئەم گرێبەستانە بکات، پاڵپشتییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت، جارێکی دیکە وزەی کوردستان دەچێتەوە ناو تۆڕی وزەی جیهانی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment