پانۆرامای دیدارەکانی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، لە واشنتن، نزیکەی شەش دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنگرێسمان و سێناتۆرەکانی ئەمەریکا هەبوو، لەمیانەی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەش، جەخت لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و بەردەوامی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە کرایەوە. هەروەها گفتوگۆش لەبارەی گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لە زووترین کاتدا کراوە. لەلایەکی دیکەوە سبەینێ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، بەشداریی گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە بە ناونیشانی "داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان" دەکات، کە ڕوانین و دیدگای هەرێم بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو، هاوکات تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
مەسرور بارزانی و سێناتۆر بیل هاگەرتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سێناتۆر بیل هاگەرتی، کۆ بووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرا.
سێناتۆر هاگەرتی، پێشوازیی لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمەریکی کرد لە بواری وزە و هیوای خواست پەیوەندی ئابووریی و بازرگانی لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای سوپاسی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان، جەختیشی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیجیی نێوان هەردوولا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێویستی ڕێزگرتن لە مافە دەستووریی و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کرا.
مەسرور بارزانی و سێناتۆر تێد بەد، جەختیان لە بەردەوامیی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە کردەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سێناتۆر تێد بەد، کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا، جیا لە دووپاتکردنەوەی خواستی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە بەردەوامیی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە کرایەوە.
هەروەها گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم، چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بوارەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، وزە و کارەبا، سیستەمی بانکی و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوارییە گشتییەکان و هەروەها هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
مەسرور بارزانی و سێناتۆر ئەلیسا لەبارەی گرنگیی پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە هاوڕا بوون
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سێناتۆر ئەلیسا سلۆتکین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەردوولا لەسەر گرنگیی و پێویستیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان هاوڕا بوون.
هاوکات ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها دۆخی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
مەسرور بارزانی و دارێل ئیسا جەختیان لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆنگرێسمان دارێل ئیسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
هەروەها هەردوولایان جەختیان لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
مەسرور بارزانی و مایک ڕۆجەرز تاوتوێی گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆنگرێسمان مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزاریی سەربازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کات و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ کر.
هاوکات هەردوولایان جەختیان لە بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کردەوە .
مەسرور بارزانی لەگەڵ هەردوو کۆنگرێسمان سێس مۆڵتن و براد شێرمان کۆبووەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو کۆنگرێسمان سێس مۆڵتن و براد شێرمان، بیروڕایان لەبارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد.
هاوکات هەردوولا جەختییان لە بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کردەوە.
چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی پێشمەرگە، کەرتە جۆراوجۆرەکان و گۆڕانکارییەکانی سووریا، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
مەسرور بارزانی و سێناتۆر تۆم كەتن پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە چوارچێوەی سەردانەی بۆ واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن لەگەڵ سێناتۆر تۆم کەتن کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردەوە.
سێناتۆر کۆتن پشتیوانیی خۆی بۆ برەودان بە وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
هۆکاری سەردانی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن
شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەروەها لە ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە بە ناونیشانی "داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان" دەکات، کە ڕوانین و دیدگای هەرێم بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو، هاوکات تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
کۆڕبەندەکە، لەلایەن پەیمانگەی ئەلمۆنیتەر ڕێکخراوە و وەزیری وزەی ئەمەریکا و ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری وزە و توێژەر، لێکۆڵەر و دیپلۆماتکاران بەشداریی تێدا دەکەن.