لە دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا دیداری تایبەتی دەبێت
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دیدارەکانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت.
سەفین دزەیی لە واشنتنەوە میوان بولتەنی تایبەت بە ڕووماڵی گەشتەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەمەریکا، گوتی: لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا دیدار و گفتوگۆ دەکرێن، ئامانجیش لە گفتوگۆکان ڕوونکردنەوەیە لەسەر پێشهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببیستن، هەروەها ئەو چاوەڕوانییەی ئێمە لە دۆستەکانمان هەیە چین، هاوکات بزانین هەماهەنگی داهاتوو بە چ شێوەیەک دەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری و فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی.
سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی کەرتی وزە کە لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئەمەریکییە کراون، سەفین دزەیی گوتی: ئەو دوو کۆمپانیایە ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەرکی داهاتوویان پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بە پلەی یەک و دواتر نەوتە، چونکە هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە غازی سروشتییە، بە تایبەت بۆ بەرهەمەمهێنانی کارەبا و چەند بوارێکی دیکەی خزمەتگوزاری.
گوتیشی: ئومێد دەکەین بەغدا لەم ڕاستییە تێ بگات، کە ئەو گرێبەستەی کراوە لە بەرژەوەندی تەواوی عێراق و چاوەڕوانین لە زووترین کاتدا غازی سروشتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت، جیا لەمەی سەرماگوزاری بیانی لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی گرنگە و یەکێکە لە بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوە لە حکوومەتی عێراقیش.