پرۆژەیەکی ئاویی ئێران دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان

"زەرەر بە ناوچە کشتووکاڵییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەگات"

 

K24 - دەربەندیخان

ئێران پرۆژەیەکی گەورەی ئاودێری کردەوە، کە سوودی بۆ زەوییە کشتووکاڵییەکانی کرماشان و ئیلام دەبێت، بەڵام دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سیروان، بەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دروست دەکات.

رۆژی پێنجشەممە (13-8-2020) حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە پرۆژەیەکی گەورەی لەبواری ئاودێری بۆ هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام کردەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) ئامانجی پرۆژەکە: گەیاندنی ئاوە بۆ رووبەری 23 هەزار هێکتار زەویی هەردوو پارێزگای ئیلام و کرماشان لەپێناو زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، زیادکردنی ماددەی خۆراکی و رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی هەردوو پارێزگا.

پرۆسەی گەیاندنی ئاو بە ناوچە کشتووکاڵییەکانی هەردوو پارێزگا بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنا، لەڕێگەی بەنداوی ئەزکەلە دەبێت، بەڵام ئەم پرۆژەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دەبێت.

بەهۆی ئەو پرۆژەیەی ئێرانەوە، ئەگەر ھەیە جارێكی دیكە ئاوی رووباری سیروان بگیرێتەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر بەنداوی دەربەندیخان و پرۆژەکانی كشتووكاڵ لە سەر رووباری سیروان دەبێت.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە کوردستان24ـی رایگەیاند "(ئێران) بۆ خۆی کارێکی گرنگی کردووە، بەڵام بۆ بەنداوی دەربەندیخان بەدڵنیاییەوە لە ئاییندەدا کاریگەریی زۆر دەبێت لە کەمکردنەوەی داهاتی سەرچاوەکانی بەنداوی دەربەندیخان کە سیروان سەرەکیترینیانە و لە ئێرانەوە دێت".

بەنداوی دەربەندیخان سەرچاوەی دیکەشی هەن: تانجەڕۆ و زەڵم، بەڵام ئەمانە هەم لەڕووی کوالێتیی ئاوەکە و هەم لەڕووی بڕی ئەو ئاوەی دێتە نێو بەنداوەکە، کەمترە بەراورد بە ئاوی سیروان.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان جەخت دەکاتەوە لەوەی پڕۆژە ئاوییەکەی ئێران "لە ئاییندەدا کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی دەربەندیخان و لەوێشەوە کاریگەریی زیاتر بۆ ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەبێت، کە بەدڵنیاییەوە ناوچەیەکی زۆری کشتووکاڵی زەرەرمەند دەبێت".

 

هـ.ر.