مارکۆ ڕوبیۆ: گەشبینم بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "گەشبینە بە ئەگەری ڕێککەوتنێکی بەم زووانە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە."
ڕوبیۆ لە میانی دانیشتنی کۆنگرێسدا گوتی: گەشبینیم بە پێشکەوتنێک بەم زووانە بەدەست دەهێنرێت، هیوادارم بەرەو کۆتاییهێنان بەم ململانێیە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان.
ڕۆژی چوارشەممە، دووهەمین ڕۆژی ڕوبیۆ بوو لە زنجیرەیەک دانیشتن لە بەردەم لیژنە جۆربەجۆرەکانی کۆنگرێس، لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی پرسیاری دووبارەی یاسادانەران بووەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ چارە کردنی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە. ئیسرائیل بۆ ماوەی 78 ڕۆژ ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردبوو.
ڕوبیۆ بە ئاشکرا ڕەخنە لە ئیسرائیل نەگرێت، جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ لابردنی گەمارۆکە، دەرئەنجامی "دیپلۆماسیەتی بێدەنگی ئەمەریکایە".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا پاڵپشتی دەزگای یارمەتییە مرۆییەکانی غەززە دەکات، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراوە بۆ دابینکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ دڵنیابوون لەوەی حەماس دەست بەسەر هاوکارییەکاندا نەگرێت.
گوتیشی: من نامەوێت جارێکی دیکە بێ هیوابم، بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر و کۆتاییهێنان بەم ململانێیە.