ته‌ندروستیی هه‌ولێر: پێشبینیدەكرێت ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا كەمببێتەوە

بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر: نزیکەی 150 نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە


K24 - هەولێر

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی دەریدەخەن رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان لە هەولێر تووشی کۆرۆنا دەبن و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ھەولێریش پێشبینی دەكات؛ تاوەکو كۆتایی ئەم مانگە، حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا كەم ببنەوە.

تەندروستی ھەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا زیاتر لە 300 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر چارەسەر وەردەگرن، ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی رێنمایە تەندروستییەكان بن و خۆیان بپارێزن، لە ماوەیەكی كەمدا ژمارەی تووشبووان كەمدەبێتەوە.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر دەڵێ "زۆربەی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە خەوێنراون، پێویستییان بە ئۆکسجینە، لەنێویان نزیکەی 150 نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە".

پزیشكانی ھەولێر كە لە سەنتەر و نەخۆشخانەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا كاردەكەن، ھۆكاری زۆری حاڵەتەكان بۆ پابەندنەبوونی ھاووڵاتییان و كارنەكردن بە رێنماییە تەندروستییەكان دەگەڕێننەوە؛ داواش دەكەن ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی زیاتری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بكرێت.

ھەڤاڵ فارس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری باس لەوە دەکات "بەداخەوە هاووڵاتییان هاوکار نەبوون لە جێبەجێکردنی رینماییە تەندروستییەکان، چەندین جار باسمان کردووە، گرفتەکە ئەوەیە، نەک هەر لێرە: بەڵکو لە هەموو وڵاتان، ئەگەر ژمارەی نەخۆشەکان زۆر بوو، هیچ نەخۆشخانەیەک ئەو توانایەی نییە ئەو هەموو ژمارە زۆرەی نەخۆش وەربگرێت".

لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر، چوار نەخۆشخانە تایبەت کراون بە تووشبوانی کۆرۆنا و سەرووی 300 نەخۆش چارەسەر وەردەگرن لەو نەخۆشخانانە، لەو ژمارەیەش 150 نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە.

 

هـ.ر.