وەزیری سامانە سروشتییەکان: گرێبەستەکانمان تەواون و کێشەیان نییە

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو گرێبەستانەی ئیمزامان کردووە لە ڕووی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا، دەستکەوتێکی باشە.

پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو گرێبەستانەی ئیمزامان کردووە لە ڕووی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا، دەستکەوتێکی باشە.

گوتیشی: ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی" ئیمزامان کرد، هۆی سەرەکی دابین کردنی غاز بووە بۆ وێستگەکانی کارەبا، دەشڵیت، ئەو کێڵگانەی ئێمە ئیمزامان لەسەری کردووە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە 'نۆ تریلیۆن' پێ سێجا غازی تێدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای 'وێستێرن زاگرۆس' ئیمزامان کردووە بۆ کێڵگەی تۆپخانەیە کە پێنج ملیار پێ سێ جا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. 

گوتیشی: ئەو گرێبەستانە دەبنە هۆی ئەوەی کۆمپانیای زیاتری ئەمەریکایی  بێنە هەرێمی کوردستان. ڕاشیگەیاند، کاردانەوەی وەزارەتی نەوتی عێراقمان بینی کە ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر ئەو گرێبەستانە دەربڕی، بەڵام ڕۆژی دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، پشتیوانیی کۆمپانیاکانی خۆیان دەکەن و ئەو گرێبەستانەش گرێبەستی تەواون، پێشتر هەبوونە و هیچ کێشەیەکی نییە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.